لە چۆمان هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین برینداربوو
K24 - هەولێر
لە سنووری قەزای چۆمان هاووڵاتییەک بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو، بۆ چارەسەر رەوانەی هەولێر کرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 13/11/2022 لە گوندی ئاڵانەی سەر بە قەزای چۆمان هاووڵاتییەک بە ناوی عارف ساڵح، مینێکی پێدا تەقیەوەو بەهۆیەوە بریندار بوو.
ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەو هاووڵاتییەی برینداربوو لە نەخۆشخانەی چۆمان چارەسەری سەرەتای بۆکراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر کراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر راشیگەیاندووە، رەوشی تەندروستی بەرکەوتوەکە جێگیرە و بەشێکی پێی راستی لەدەستداوە.
لە سەردەمی شەڕی عێراق – ئێران، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان مینڕێژکراون، تائێستا نەتوانراوە بە تەواوی پاکبکرێنەوە، سنووری قەزای چۆمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی بەشێک لە سنوورەکانی مین و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی لێماون.