به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیستانبول عێراق هاوخه‌می بۆ توركیا ده‌رده‌بڕێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیستانبول ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ره‌خۆشی له حكومه‌ت و گه‌لی توركیا ده‌كه‌ین".
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆی شه‌قامی ئیستقلال له ئیستانبولی توركیا، كه بووه هۆی كوژرانی 6 كه‌س و برینداربوونی 81 كه‌سی دیكه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: ئیدانه‌ی رووداوه تیرۆریستییه‌كه‌ی شه‌قامی ئیستقلال (ناوچه‌ی ته‌قسیم) له ئیسته‌نبول ده‌كه‌ین، كه بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مه‌ده‌نی.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هاوخه‌می خۆی بۆ حكومه‌ت، گه‌لی توركیا ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشیشی له ماڵباتی ئه‌و كه‌سانه كرد كه له ته‌قینه‌وه‌كه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا و هیوای چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست.
كاتژمێر 4:20 خوله‌كی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 13ـی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022) ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شه‌قامی ئیستقلالی ئیسته‌نبوڵی هه‌ژاند، والی ئه‌و شاره ئاماری فه‌رمی قوربانییانی راگه‌یاند.
عه‌لی یه‌رلیكایه والی ئیسته‌نبوڵ، رایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئێواره، 6 كه‌س كوژران و 81 كه‌سی دیكه برینداربوون.
هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئیسته‌نبوڵ له چوارچێوه‌ی كارێكی تیرۆریسی راگه‌یاند و تاوه‌كو ئێستاش هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارییه‌تی خۆی له‌و رووداوه رانه‌گه‌یاندووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، داواكاری گشتی ئیسته‌نبوڵیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ره‌نگه ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه كاری تیرۆریستی بێت.