سویسرا داوای لە هاووڵاتیانی دەکات سەردانی ئێران نەکەن

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران چەند هاووڵاتییەکی بیانی بە تۆمەتی "سیخوڕی و نانەوەی ئاژاوە" دەستگیرکردووە

K24 – هەولێر

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سویسرا لە بەیاننامەیەکدا، داوای لە هاووڵاتیانی دەکات سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەکەن.

لەو بەیاننامەیەدا کە رۆژی 13ـی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی سویسرا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات، "بەلەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و بەکارهێنانی فیشەکی ئاگرین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی هاووڵاتیانی بیانی و دادگاییکردنیان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە، سەردانی ئێران مەکەن".

رۆژێک پێش لەو ئاگادارکردنەوەیەی حکومەتی سویسرا، دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتی دیکەی فەرەنسی لە ئێران پشتڕاستکرایەوە.

کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، گرتنی دوو هاووڵاتی خۆیانی لە ئێران پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا، بە گشتی حەفت هاووڵاتی فەرەنسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران پێشتر دەستگیرکردنی نۆ هاووڵاتی بیانی ئاشکراکردبوو و ئەوانی بە "سیخوڕی و نانەوەی ئاژاوە" تۆمەتبارکردبوو.

بەشێک لە دەستگیرکراوەکان خەڵکی وڵاتانی فەرەنسا، ئیتالیا و ئیسپانیان و حکومەتی ئەو وڵاتانە وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، داوای "ئازادکردنی خێرا"ـی هاووڵاتیەکانیان کردووە.

جیا لە سویسرا، فەرەنسا و ئەڵمانیاش هاووڵاتیانیان لە گەشتکردن بۆ ئێران ئاگادارکردووەتەوە.