رۆژنامەیەکی بەریتانی: هەزار سیخوڕی پوتن لە بەریتانیا خۆیان حەشارداوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا

K24 - هەولێر:

نزیکەی هەزار سیخوڕی رووسی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری رووسیاوە ئاراستە دەکرێن، لە بەریتانیا نیشتەجێن و لەپشتی کار و پیشە ئاساییەکانەوە خۆیان حەشارداوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "mirror"ـی بەریتانی، رووسیا نزیکەی هەزار سیخوڕی بەناو بەریتانیادا بڵاوکردووەتەوە و لە پشتی کار و پیشە ئاساییەکانی وەک شۆفێری تاکسی و باریستا و کارمەندی زانکۆ خۆیان حەشارداوە.

ئاماژە بەوەشدرا، سیخوڕەکان لەلایەن SVR دەزگای هەواڵگری رووسیاوە ئاراستە دەکرێن و، بە گوتەی شارەزایان، تەنانەت دزەیان کردووەتە ناو ئاستە بەرزەکانی حکومەتەوە.

رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە، "رووسیا تۆڕێكی پێشکەوتووی هەواڵگری دروستکردووە، کەس نابێت وابیربکاتەوە کە پارێزراوە، ئێمە باسی خوێندکاران و گرووپە ناڕەزایەتییەکان، مامۆستایان و شۆفێرانی تەکسی دەکەین، ئەوان لەپشتی کار و پیشەی ئاساییەکانەوە خۆیان حەشارداوە".

رۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەکرد، کە لە ئێستادا نزیکەی 73 هەزار هاووڵاتی رووسی لە بەریتانیادا نیشتەجێن و سیخوڕە بەریتانییەکان پێیانوایە، هەندێك لەوان زانیاری بۆ کۆشکی کریملن دەگوازنەوە.