سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە مووشەکییەکەی کۆیە و زڕگوێز راگەیاند

K24 - هەولێر 

سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکەی سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئاشکراکرد و بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند. 

ئاژانسی (فارس نیوز) سەر بە سوپای پاسداران لەسەر زاری سەرچاوەیەکی "سەربازیی ئاگادار لە ورمێ"، باسی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆیە و زەرگوێز کرد. 

سەرچاوەکە بە (فارس نیوز)ـی راگەیاندووە، "هێرشەکان لە رێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوان و مووشەک بوونە".

بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم)، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆیە و زڕگوێز هێرشیان کرایەسەر. 

بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان بە هۆی هێرشەکانەوە تا ئێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەشی دیکەش برینداربوونە. 

رۆژی 28ـی ئەیلولی رابردوو، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی سوپای پاسدارانی ئێران.

ئەو هێرشانە 18 شەهید و 51 برینداری لێکەوتەوە. 

هەر لەو رۆژەدا سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند.