وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەرێمی کوردستان نین

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "منیش وەک ئێوە لە رێگەی میدیاکانەوە ئاگاداری ئەو هێرشانەم".

کاتژمێر 10:30 بە کاتی هەولێر، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، گوتی: منیش لە رێگەی میدیاکانەوە ئاگاداری ئەو هێرشانە بوومە، بۆیە ناتوانم وردەکاری لەوبارەیەوە بدەم.

کەنعانی گوتی: لایەنە پەیوەندیدارەکان زانیاری زیاتر بڵاودەکەنەوە. ئێمە دووپاتمان کردووەتەوە لە بەرامبەر هێرشی کەسانی جوداییخواز لە هەرێمی کوردستانەوە، بێدەنگ نابین و لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی بەرگری لە مافی خۆمان دەکەین.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم) هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا سێ کەس شەهیدبوونە و پێنج کەسیش بریندارن.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی فارس، هێرشەکە لە شاری ورمێ و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە و تێیدا مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەکارهاتووە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشانەی سەرکۆنەکرد.

سەرۆکوەزیرانی گوتی: ئێمە لەلایەک ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە و پێشێلکردنی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، لەهەمانکاتدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئارەزوو دەکەین شەهیدەکان جێگەیان بەهەشت بێت. 

رۆژی 28ـی ئەیلولی رابردوو، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی سوپای پاسدارانی ئێران.

ئەو هێرشانە 18 شەهید و 51 برینداری لێکەوتەوە.

هەر لەو رۆژەدا سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند.