مەکرۆن: رێککەوتنی ئەتومی بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئێران ئەستەمتربووە

ئیمانوێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا
ئیمانوێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا

K24 – هەولێر

ئیمانوێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دووپاتیکردەوە، بە هۆی خۆپێشاندانەکانی ئێران، گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دۆسیەی ناووکی ئێران ئەستەمتربووە.

مەکرۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی فەرەنسا، گوتی: پێموانییە هیچ پێشنیازێک لە داهاتوویەکی نزیکدا، رێککەوتنی ئەتۆمی لێبکەوێتەوە و رەنگە پێویستی بە چوارچێوەیەکی نوێ هەبێت.

سەرۆککۆماری فەرەنسا هەروەها دەڵێت: ئێمە چەند کەسێکین پشتگیری تەواو لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر سوپای پاسداران و پیاوەکانی ئەو حکومەتە دەکەین.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ئەنالێنا بیربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چەندین جار دووپاتیکردبووەوە، یەکێتی ئەوروپا هەوڵی ناساندنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سوپای پاسدارانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی وڵاتەکەی ناساندووە و دەڵێ، "ئەو هەوڵانە نایاسایی و نابەرپرسانەیە".