ئەمەریکا داوایەک لە ئێران دەکات

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی هێرشی مووشەکی و درۆنی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنەکرد.

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا، هێرشەکانی بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم) بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێز، سەرکۆنەکرد.

باڵیۆزی ئەمەریکا نووسیویەتی: ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر خەڵک و وڵاتی عێراق رابگرێت. ئێمە هاوشان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان رادەوەستین و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق سەرکۆنەدەکەین.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەو هێرشانەی سوپای پاسداران، دوو پێشمەرگەیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش برینداربوونە.

هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەو هێرشانەیان سەرکۆنەکرد.

نێچیرڤان بارزانی هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەوەی هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، گوتی: ئیمە هیچ بیانوویەک بۆ مووشەکباران و ناردنی درۆن بۆ سەر کوردستان نابینین و داوا دەکەین سنوورێکی بۆ دابندرێت. ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لەو مەسەلەیەدا بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابندرێت.

هاوکات سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند: ئێمە لەلایەک سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژییە و پێشێلکردنی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، لەهەمانکاتدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئارەزوو دەکەین شەهیدەکان جێگەیان بەهەشت بێت.