ئەحمەد سەحاف: پێویستە عێراق بەرگری لە سەروەری خۆی بکات

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 – هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی بەغدا لە ئاستی باڵادا کار لەسەر پرسی دەستدرێژییەکان بۆ سەر خاکی عێراق دەکات و "لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئەنجامەکان دەبینین".

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە دەمانەوێت سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیانمان پارێزراو بێت. پێویستە عێراق بەرگری لە سەروەری خۆی بکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین پابەندی هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بن، چونکە پێچەوانەی ئەمە، تەنها ناسەقامگیری ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە.

سەحاف، سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پێشگرتن لەو هێرشانە دەڵێت: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێگەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە لە ئاستی باڵادا کار لەسەر ئەو پرسە دەکات، هەنگاوی جددیمان ناوە و لە کاتێکی نزیکیشدا ئەنجامەکە دەبینین.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم) هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان تا ئێستا سێ کەس شەهیدبوونە و پێنج کەسیش بریندارن.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی فارس، هێرشەکە لە شاری ورمێ و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە و تێیدا مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەکارهاتووە.