لە سلێمانی سیستەمی نوێی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری خرایەکار

"رۆژانە 320 بۆ 340 مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری رایی دەکرێت"

K24 - سلێمانی:

ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا سیستەمی نوێی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، لە سلێمانی خرایەکار و رۆژانە 320 بۆ 340 مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری رایی دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە (14ی تشرینی دووەمی 2022) رایگەیاند، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە پارێزگای سلێمانی خرایەکار.

شیلان عوسمان مەجید، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لە رۆژی (27ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە بەشێوەی ئەزموونی کاریان بە سیستمەکە کردوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی خراوەتەکار، ئێستا رۆژانە 320 بۆ 340 مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری بە سەرجەم جۆرەکانییەوە رایی دەکرێن.

هاتووچۆی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، رۆژانە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، بەمەبەستی وەرگرتن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی، تا کاتژمێر (6)ی ئێوارە ئەفسەر و کارمەندەکانیان لە دەوام دەمێننەوە.

جێبەجێکردنی سیستمی نوێی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە هاووڵاتیانی سلێمانی دوای ئەوە دێت، کە رۆژی (24ی ئابی 2022) مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەولێر، سیستمی نوێی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری خستەکار، کە بەشێوەیەکی دیجیتاڵی مامەڵەکان رایی دەکرێت.