خوێندن لە زانکۆی سلێمانی راگیرا

زانکۆی سلێمانی  فۆتۆ: AA
زانکۆی سلێمانی فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر:

نووسینگەی یاریدەدەری زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران راگرتنی خوێندنی لە زانکۆکە راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی یاریدەدەری زانکۆی سلێمانیدا هاتووە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئەمڕۆدا جەختی کردەوە لە پشتیوانی داواکارییە رەواکانی خوێندکار بەتایبەت پێدانی دەرماڵە و پشتیوانی دارایی بۆیان.

ئاماژە بەوەشدرا، لەبەر پاراستنی سەر و گیانی خوێندکاران و ئاسایش و ئارامی زانکۆی سلێمانی و دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی، هەروەها بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕاگرتنی خوێندنی خوێندکاران لە سەرجەم کۆلێجەکان لە رۆژی سێشەممە 15ـی تشرینی دووەم و رۆژانی دواتر.

خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ماوەی چەند رۆژەکە لەبەردەم زانکۆ و شەقامی سلێمانی - کەرکووک خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و، بەهۆیە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاراندا روویداوە و لەو شەقامەدا ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروستبووە.