به‌هۆی بۆردومانه‌كانی كۆیه‌وه وه‌زیری په‌روه‌رده بڕیارێك ده‌رده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
دوای بۆردومانه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆیه، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئه‌و شاره ده‌كات و بڕیارێكی تایبه‌ت ده‌رده‌كات بۆ هاوكارییكردنی ئه‌و قوتابیانه‌ی به‌هۆی بۆردومانه‌كانه‌وه كاریگه‌ری ده‌روونیان له‌سه‌ر دروستبووه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (14ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تیمێك لە رێنماییکاران و شاره‌زایانی پەروەدەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە نەخوازراوەکان پێكده‌هێنن و سەردانی ئه‌و ناوەندانه‌ی خوێندن ده‌كه‌ن کە قوتابیان بەهۆی بۆردومانەکان کاریگەری دەروونیان لەسەر دروستبووە.
ئالان حه‌مه سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێری راسپاردووه پشتگیری په‌روه‌رده‌ی كۆیه بكه‌ن و به‌زووترین كات كار له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و تیمه بكه‌ن.
وه‌زیری په‌روه‌رده روونیكرده‌وه، ئه‌و تیمه له رێنماییكاران و شاره‌زایانی ده‌روونی پێكده‌هێندرێت و سه‌ردانی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی خوێندن ده‌كه‌ن كه به‌هۆی بۆردومانه‌كانه‌وه، كاریگه‌ری دره‌وونی له‌سه‌ر قوتابیان دروستبووه و هه‌وڵده‌ده‌ن، چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ی قوتابیان بكه‌ن و خه‌م و دڵه‌ڕاوكێیان بڕه‌وێننه‌وه.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022) هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه.
هه‌روه‌ها رۆژی (28ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.