ئۆکرانیا: رەوشی خێرسۆن لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەکاتی سەردانی بۆ شاری خێرسۆن
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەکاتی سەردانی بۆ شاری خێرسۆن

K24 – هەولێر

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، شاری خێرسۆن کە سێ رۆژ پێش ئێستا هێزەکانی رووسیا لێی کشانەوە، بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئۆکرانیا دایە.

گاننا مالیار، لە دوای سەردانەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی دووشەممە 14/11/2022، بۆ خێرسۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە گۆرەپانی سەربەخۆیی لە خێرسۆن چاوی بەو هاووڵاتییانە کەوتووە کە گردبوونەتەوە و "هاووڵاتییەکان زۆر خۆشحاڵبوون بە دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە".

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا، هێزەکانی رووسیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کرد و گوتی: "خەڵکی خێرسۆن بە درێژایی داگیرکارییەکە ناخۆشیی زۆرییان بینیوە".

ئەوەشی خستەڕوو، دەست بە کارەکانی پاککردنەوەی مین لە ناوەند و دەوروبەری شارەکە کراوە.

مالیار، گوتی: "دۆخی شارەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، لێرە ژێرخانی تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، ژمارەیەکی زۆری مین چێندراوە، لەبەر ئەوەی باڵەخانەی ئیداریین دەبێت لە مین پاکبکرێنەوە".

رۆژی 11/11/2022 سوپای رووسیا لە شاری خێرسۆن کشایەوە و رۆژی دواتر سوپای ئۆکرانیا چووە ناو شارەکە، بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی کشانەوەی رووسیا لەو شارە بە شکستی جەنگ ناودەبەن.

هێزەکانی ئۆکرانیا لۆە خێرسۆن
هێزەکانی ئۆکرانیا لۆە خێرسۆن

سەرچاوە: aa