وەزیری دەرەوەی رووسیا دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

"ئەم یاریە لە سیاسەتدا شتێکی نوێ نییە"
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا - وێنە: AFP
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەنگۆی نەخۆشکەوتنی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە یاریەکی سیاسییە.

لاڤرۆڤ لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لەلایەن ماریا زاخارۆڤا، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و رۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی دەنگۆی تێكچوونی باری تەندروستی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە پرسیاری لێدەکرێت.

وەزیری دەرەوەی رووسیا هەواڵی نەخۆشکەوتنی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەوان ماوەی 10 ساڵە دەربارەی تێكچوونی تەندروستی سەرۆکەکەمانەوە دەنووسن، ئەم یاریە لە سیاسەتدا شتێکی نوی نییە".

ماریا زاخارۆڤا پرسیارێکی دیکەی لێدەکات و دەڵێت: هیوای چی بۆ رۆژنامەنووسەکانی رۆژئاوا دەخوازیت؟

لاڤرۆڤ لە وەڵامدا گوتی "هیواخوازم رۆژنامەنووسە رۆژئاواییەکان لەوە راستگۆتر بن کە ئێستا هەن، هەروەها هیواخوازم راستی زیاتر بنووسن و راپۆرتەکانیان لە یەک روانگەوە سنووردار نەکەن".

دوێنێ دووشەممە بەشێك لە میدیاکان بڵاویناکردەوە، لەپاش گەشتنی بە دورگەی بالی ئیندۆنیزیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی جی 20، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا تەندروستی تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

سەبارەت بە هۆکاری تێکچوونی تەندروستی لاڤرۆڤ ئاماژەیان بەوەدابوو، لاڤرۆڤ بەهۆی دروستبوونی کێشە لە دڵیدا رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لە دوورگەی بالی چارەسەی بۆ دەکرێت.