ئوردن و سعوودیه‌ ئیدانەی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دەکەن

.
.

K24 - هەولێر

هه‌ر یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن و سعودییه‌ به ‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان  و عێراق ده‌كه‌ن و داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردووە "دووباره‌بوونه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كانی ئێران به‌رانبه‌ر سه‌روه‌ری و ئاسایشی هاووڵاتیان، شانبه‌شانی عێراق له‌پێناو گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی ده‌وه‌ستینه‌وه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ قوربانیان ده‌كه‌ین".

له‌لایه‌كی دیكه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووە "سه‌ركۆنه‌ی دووباربوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئێران ده‌كه‌ین كه‌ قەزای كۆیه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر كرده‌ ئامانج، به ‌توندترین شێوه‌ ئه‌م دوژمنكارییانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌روه‌ری و ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق پێشێل بكات".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ حكومه‌ت و گه‌لی عێراق ده‌كات و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی خێرا بۆ بریندارانیش ده‌خوازین.

دوێنێ دووشەممە 14/11/2022، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە کۆیە و زڕگوێز کردە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو پێشمەرگەی دیموکرات شەهید بوون و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.