دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا به‌رده‌وامه

K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا به‌رده‌وامه و تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 21 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی دابه‌شكردووه كه نزیكه‌ی 107 هه‌زار خێزان لێی سوودمه‌ندبوون.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (15ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه‌وه، دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا له زۆربه‌ی ناوچه شاخاوییه‌كاندا به‌ڕێوه‌چووه و 28 ملیۆن و 560 هه‌زار و 243 لیتر نه‌وتی سپی دابینكراوه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئاماژه به‌وه‌كرداوه، له‌و بڕه نه‌وته‌ی دابینكراوه، تاوه‌كو ئێستا بڕی 21 ملیۆن و 351 هه‌زار و 600 لیتر به‌سه‌ر 106 هه‌زار و 758 خێزاندا له ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شكراوه.
به‌شێوه‌یه‌ك، لە پارێزگای هەولێر بڕی هه‌شت ملیۆن و 492 هەزار و 640 لیتر نەوتی سپی دابینکراوە و لەو بڕەش هه‌شت ملیۆن و 481 هەزار لیتری بەسەر 37 هەزار و 405 خێزاندا دابەشکراوە.
لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەش بڕی نۆ ملیۆن و 159 هەزار لیتر دابین کراوە و تاوەکو ئێستاش بڕی پێنج ملیۆن و 149 هەزار لیتر بەسەر پێنج هەزار و 745 خێزاندا دابەشکراوە.
لە پارێزگای دهۆکیش بڕی 10 ملیۆن و 917 هەزار و 603 لیتر دابینکراوە و لەو بڕەش هه‌شت ملیۆن و 721 هەزار و 600 لیتری بەسەر 43 هەزار و 608 خێزاندا دابەشکراوە.