تەندروستی سلێمانی داوادەکات هاووڵاتیان خۆیان كه‌ره‌نتین بكه‌ن

ته‌ندروستی سلێمانی
ته‌ندروستی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

لە سلێمانی پەتا لەناو هاووڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی داوادەکات، هاووڵاتیان خۆیان لە نەخۆشییەکە بپارێزن و هاوشێوەی تووشبوون به‌ په‌تای کۆڕۆنا خۆیان کەرەنتین بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (15ی تشرینی دووەمی 2022) ماڵپەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، داوا لە هاووڵاتیان دەکات خۆیان لە نەخۆشییەکە بپارێزن و لە کاتی نەخۆشکەوتندا خۆیان کەرەنتین بکەن و ماسک بەکاربهێنن.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ زانیار ئاغالە، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، نەخۆشی و پەتا لەناو هاووڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە، کە نیشانەکانی (لەرز و تا، لەش داهێزران، قوڕگ گیران و سەرئێشە)ی هەیە و زۆرینەی تووشبووەکان نیشانەیەک یان زیاتریان تێدا دەرکەوتووە.

ئەو پزیشکە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بۆ جێبەجێنەکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و روونیكردووته‌وه‌، تائێستا کۆڕۆنا لەناو هاووڵاتیاندا ماوە و لە پشکنینەکاندا ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، بەڵام ئەم نەخۆشییەی ئێستا بڵاوبووەتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە ئەنفلۆنزایە، چونكە لە سلێمانی باوە لە ناوەڕاستی پایزدا ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، زانیار ئاغالە، پزیشكی پسپۆڕی هەناویی باسی لەوە كردووه‌، كردنەوەی قوتابخانەكان و بوونی منداڵ بەكۆمەڵ لەیەك پۆلدا، باشترین رێگەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیه‌، لەو رێگەیەوە منداڵان لە یەکتر تووشده‌بن و دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان بۆ ماڵه‌وه‌، ئەندامانی خێزانەکانیان تووشدەکەن.

ته‌ندروستی سلێمانی رێنماییه‌ پزیشكییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆپارێزی له‌و نه‌خۆشییه‌ وه‌رزییه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، پێویستە ئەو کەسەی نەخۆشییەکە دەگرێت، لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات و لە کاتێکدا لەرز و تای زۆری هەبوو سەردانی پزیشک بکات.

هه‌روه‌ها داوای له‌ تووشبووان كردووه‌، ماسک بەکاربهێنن و ئەو منداڵانەش کە هەڵگری نەخۆشییەکەن نەچنەوە قوتابخانەکانیان و رێگەیان پێنەدرێت نزیک ببنەوە لە کەسانی بەتەمەن.