ئاگر لە فرۆکەخانەی بە‌غدا دەکەوێتەوە

کەوتنەوەی ئاگر لە هۆڵێکی پێشوازیی فرۆکەخانەی بەغدا
کەوتنەوەی ئاگر لە هۆڵێکی پێشوازیی فرۆکەخانەی بەغدا

K24 – هەولێر

ئاگر لە یەکێک لە هۆڵەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کەوتەوە و بەو هۆیەوە چەند هۆڵێکی فرۆکەخانەکە چۆلکراون.

سەرچاوەیەک لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگر لە نێو کافتێریایەکی هۆڵی پێشوازی گەشتیاران کەوتووەتەوە و ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکەن و هەوڵێ کۆنترۆڵکردنی دەدەن.

سەرچاوەکە دووپاتیشیکردەوە، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە و هیچ گەشتێکی ئاسمانیش بەهۆی ئاگرەکەوە نەوەستێندراوە.

هاوکات بەرگری شارستانی بەغدا رایگەیاندووە، سێ کرێکار بە هۆی دووکەڵی چرەوە تووشی هەناسەتەنگی بوونە و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.