لە دەیان شار و شارۆچکەی ئێران مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو

مانگرتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان
مانگرتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 – هەولێر

خۆپێشاندانەکان لە ئێران پێی نایە دووەم مانگی خۆی و ئەمڕۆ لە دەیان شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە 15ـی تشرینی دووەم) خەڵکی شارەکانی مهاباد، سنە، کرماشان، مەریوان، سەقز، بانە، دیواندەڕە، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، کامیاران و سەردەشت دووکان و بازاڕیان نەکردەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە، مانگرتنی گشتی لە بەشێک لە بازاڕەکانی تاران، شیراز، مەشهەد، رەشت، مەرودەشت، ئیسفەهان، یەزد، ئەراک، کرمان، گەرمسار و گناوە بەڕێوەچووە.

مانگرتنەکە لەسەر داوای چەند حزب و رێکخراوی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران لە یادی سێیەم ساڵی رۆژی 24ـی ئابان ساڵی 1398 کۆچی بووە. لەو رۆژەدا (24ـی تشرینی دووەمی 2019) لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ئێران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و بەپێی زانیارییە نافەرمییەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لەو رۆژەدا بە سەدان خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە چەند هەواڵێکدا داخستنی بازاڕ و دووکانەکانی لە چەند ناوچەیەکی تاران پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "دووکاندارەکان لە ترسی ئاژاوەگێڕان و هەڕەشە لە سەر و ماڵیان دووکانەکانیان داخستووە".