کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بۆ ئێران: قەیرانە ناوخۆییەکانت هەناردە مەکە

کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی
کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی

K24 – هەولێر

کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی هێرشی سوپای پاسدارانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنەکرد و دووپاتیکردەوە، "هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان قبووڵکراو نییە".

جەمال روشدی وتەبێژی فەرمیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رۆژی سێشەممە (15ـی تشرینی دووەم) لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "بەردەوامیی ئێران لەسەر ئەو شێوازەی، قبووڵکراو نییە و بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی بۆ سەر سەروەری عێراق ئاماژەیە بۆ پێداگری ئێران لە رێزنەگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باش".

روشدی هەروەها گوتی: "ئەم هەڵسوکەوتەی ئێران نەک هەر دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری عێراق، بەڵکو ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێکدەدات و ئەو هەوڵانەش پەکدەخات کە ئامانجیان دروستکردنی متمانە و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە".

وتەبێژی فەرمیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دووپاتیکردەوە، "هەوڵەکانی تاران بۆ تاوانبارکردنی خەڵکی دیکه و بەرپرسیارکردنیان لە قەیرانە ناوخۆییەکانی و ئەو هەڕەشە و تۆمەتانەی لەو چوارچێوەیەدا دژ بە وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکردووە، قبووڵکراو نییە".

جەمال روشدی گوتی: وڵاتانی عەرەبی دەست لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێیان وەرنادەن و ئەم چاوەڕوانیەشیان لە دراوسێکانیان هەیە".

جەمال روشدی، پشتگیری کۆماری وڵاتانی عەرەبی بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنەکانی حکومەتی بەغدای بۆ پاراستنی سەروەی عێراق و چارەکردنی کێشەکان، دووپاتکردەوە.

سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم، هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز و بە هۆیەوە سێ کەس شەهیدو هەشت کەسیش برینداربوون.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بەئەستۆگرت و ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەدا مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەکارهاتووە.

ئەو هێرشەی سوپای پاسداران کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و چەندین وڵاتی ئەوروپایی، عەرەبی و ئەمەریکا سەرکۆنەیان کرد.