فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا

خۆپێشاندان لە ئێران
خۆپێشاندان لە ئێران

K24 – هەولێر

میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویانکردەوە، فەرماندەیەکی سوپاکە لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا.

ئەمرۆ (سێشەممە 154ـی تشرینی دووەم) ماڵپەری فارس نیوزی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئالۆزی لە خۆپێشاندانەكان لە زۆربەی شارەكانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان روویداوە و لەشاری بۆكانی رۆژھەڵاتی كوردستانیش لە ئەنجامی ئەو ئالۆزیانەدا، فەرماندەیەكی سوپای پاسداران بە ناوی رەزا ئەڵماسی كوژراوە.

هاوکات چەند رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، باس لە کوژرانی خۆپێشاندەرێک لە شاری کامیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە 15ـی تشرینی دووەم) خەڵکی شارەکانی مهاباد، سنە، کرماشان، مەریوان، سەقز، بانە، دیواندەڕە، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، کامیاران و سەردەشت دووکان و بازاڕیان نەکردەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە، مانگرتنی گشتی لە بەشێک لە بازاڕەکانی تاران، شیراز، مەشهەد، رەشت، مەرودەشت، ئیسفەهان، یەزد، ئەراک، کرمان، گەرمسار و گناوە بەڕێوەچووە.

مانگرتنەکە لەسەر داوای چەند حزب و رێکخراوی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران لە یادی سێیەم ساڵی رۆژی 24ـی ئابان ساڵی 1398 کۆچی بووە. لەو رۆژەدا (٢٤ـی تشرینی دووەمی 2019) لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ئێران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و بەپێی زانیارییە نافەرمییەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لەو رۆژەدا بە سەدان خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە چەند هەواڵێکدا داخستنی بازاڕ و دووکانەکانی لە چەند ناوچەیەکی تاران پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "دووکاندارەکان لە ترسی ئاژاوەگێڕان و هەڕەشە لە سەر و ماڵیان دووکانەکانیان داخستووە".

رەزا ئەڵماسی فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئێران
رەزا ئەڵماسی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە بۆکان کوژرا