کاردانەوەی وڵاتان بەرانبەر بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر پۆڵەندا

سەرۆکی پۆڵەندا: بەئەگەری زۆرەوە مووشەکەکان لەلایەن رووسیاوە ئاراستەکراون
سەربازێکی پۆڵەندی لەسەر سنووری وڵاتەکەی
سەربازێکی پۆڵەندی لەسەر سنووری وڵاتەکەی

K24 - هەولێر:

شەوی رابردوو دوو مووشەک لە خاکی پۆڵەندا کەوتنەخوارەوە و لە ئاکامدا دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، دواتر ئەندرێج دودا، سەرۆکی پۆڵەندا سوپای وڵاتەکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و گوتی: "بەئەگەری زۆرەوە مووشەکەکان لەلایەن رووسیاوە ئاراستەکراون".

رۆژی سێشه‌ممه‌ (15ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، میدیاكانی پۆڵه‌ندا، بڵاویانكرده‌وه‌، دوو مووشه‌ک له‌ گوندێكی رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌، كه‌ بوونەتە هۆی گیانله‌ده‌ستدانی دوو هاووڵاتی. 

هێرشێکی لەمجۆرە بۆ سەر پۆڵەندا لەکاتێکدا کە رووسیا و ئۆکرانیا لە شەڕدان، پێشهاتێکی مەترسیدارە و ئەگەر یەکلایی ببێتەوە کە مووشەکەکان لەلایەن رووسیاوە ئاراستەکراون، ئەوا ترسی روودانی جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە، چونکە پۆڵەندا ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆیە و هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ دەبێت پابەند بن بە بەرگریکردن لێی. 

کاردانەوەی وڵاتان بەرانبەر بە هێرشە مووشەکییەکە:

- ئەمەریکا

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ وڵاتانی G7 رێکخست و راشیگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکاندا یارمەتی پۆڵەندا دەدەن، دیار نییە کە مووشەکەکان رووسی بن یان نا".

هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا جەختیان لەوەکردەوە، "پێویستیە تیمی هەردوولا پێکەوە نزیک لە یەک کار بکەن، بۆئەوەی هەنگاوی دواتریان بەپێی دوواین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بێت".

- ئۆکرانیا

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لە جەنگدایە دژی لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشی لە سەرۆکی پۆڵەندا کرد.

زێلێنسکی گوتیشی: ئێمە زانیاریمان ئاڵوگۆڕ کرد و هەندێك لە راستیەکان بۆ یەکدی روون دەکەینەوە.

دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن، مووشەکەکان لەلایەن هێزی بەرگری ئۆکرانیاوە ئاراستەکرابن.

- رووسیا

وه‌زاره‌تی بەرگری رووسیا، دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکی وڵاته‌كه‌ی له پۆڵەندا ره‌تكرده‌وه‌ و به‌ گێچەڵکاری به‌ مۆسكۆ وه‌سفیكرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ مەبەست لەم دەنگۆیانه ئاڵۆزترکردنی ململانێکانه.

- ئەڵمانیا

ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا هاوسۆزی خۆی بۆ ئەندرێج دودا، سەرۆکی پۆڵەندا دەربڕی.

گوتێبیژی شۆڵز لەوبارەیەوە لە تویتێکدا رایگەیاند، راوێژکاری ئەڵمانیا پەیوەندی بە سەرۆکی پۆڵەنداوە کردووە و هاوسۆزی خۆی بۆ دەربڕیووە.  ئەڵمانیا لە نزیکەوە شانبەشانی پۆڵەندا، هاوبەشی ئێمە لە ناتۆ دەوەستێتەوە".

- چین

مائۆ نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین "سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر خاکی پۆڵەندا رایگەیاند، چاومان بە راپۆرتە نوێیەکان کەوتووە، لە بارودۆخی ئێستادا، پێویستە هەموو لایەنەکان ئارامبگرن و دان بەخۆیاندا بنێن لەپێناو دوورکەوتنەوە لە گرژیی زیاتر".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەشدا، هەڵویستی چین سەبارەت بە ئۆکرانیاش نەگۆڕ و روونە.

مائۆ نینگ گوتیشی: کردنەوەی دیالۆگ و چارەسەکردنی قەیرانەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە گرینگترین ئەرکە لە ئێشتادا.    

- بەریتانیا

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پەیوەندی بە ئەندرێج دودا کرد و هەموو هاوکارییەکی پێویستی پێشکەش کرد بۆ ئەوەی بەپەلە بزانرێت چی روویداوە".

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای کردووە لە دیداری لوتکەی G20 لە ئیندەنوسیا کۆبوونەوە لەبارەی ئەو هێرشە بکرێت.

بەپرسانی باڵای فەرەنساش لە پەیامێکدا ئاماژەیان بەوەدا، حکومەتی فەرەنسا زۆر بە نزیکی لەگەڵ هاوپەیمانە پۆڵەندییەکەیدا بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دۆخەکە دەکەن، لە هەر حاڵەتێکدا بێت، پۆڵەندا دەتوانێت پشت بە فەرەنسا ببەستێت.

- کۆماری چیک

پێتر فیالا، سەرۆکوەزیرانی چیک لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەو هێرشە مووشەکییە، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی و راشیگەیاند، " ئامادەین بۆ هەماهەنگی هەنگاوی زیاتر لەگەڵ هاوڕێ پۆڵەندیەکانمان".