ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا - فۆتۆ:AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا - فۆتۆ:AA

K24 – هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و رایگەیاند: هەرچییەک پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەیکەین.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لە لوتکەی G20، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جارێکی دیکە هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەرچییەک پێویست بێت دەیکەین".

سەرۆککۆماری تورکیا، گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بەردەوامە".

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەردۆغان گوتی: "کێشەمان لەگەڵ کوردانی تورکیا، عێراق و سووریا نییە".

سەبارەت بە دابینکردنی فڕۆکەی F-16 لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ وڵاتەکەی، سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە پێشهاتی ئەرێنی لە ئارادایە.

هەڕەشەی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوە دێت رۆژی 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە برینداربوون، دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەیان دەستگیرکردووە و "بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە و ئەنجامدەرەکە لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا".