سێ خۆپێشاندەری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژران

خۆپێشاندان لە ئێران
خۆپێشاندان لە ئێران

K24 – هەولێر

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، دوو هاووڵاتی کورد لە سنە و هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری کامیاران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو تۆڕە، (زانیار ئەڵڵامورادی) و (عیسا بەیگلەری) لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی سێشەممە (15ـی تشرینی دووەم) لە شاری سنە کوژراون. تەرمی (عیسا بەیگلەری) لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە گۆڕستانی (بەهەشتی محەمەدی)ـی سنە بەخاکسپێردراوە، بەڵام تەرمی (زانیار ئەڵڵا مورادی) رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەروەها (فواد محەمەدی) لە شاری کامیاران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و بنەماڵەکەی لە پێش نەخۆشخانەی سینا گردبوونەوە، بەڵام هێزەکانی سوپای پاسداران نەخۆشخانەکەیان گەمارۆدا و تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەیان نەکردەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرایکردووە، هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەوخۆیان لە بنەماڵەی (فواد محەمەدی) کردووە و بەهۆیەوە چەند ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە برینداربوونە.

بەگوێرەی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ماوەی شەست رۆژی خۆپێشاندانی خەڵکی ئێران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، 330 خۆپێشاندەر کوژراون و نزیک بە 15هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە، 15ـی تشرینی دووەم، خەڵکی شارەکانی مهاباد، سنە، کرماشان، مەریوان، سەقز، بانە، دیواندەڕە، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، کامیاران و سەردەشت دووکان و بازاڕیان نەکردەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە، مانگرتنی گشتی لە بەشێک لە بازاڕەکانی تاران، شیراز، مەشهەد، رەشت، مەرودەشت، ئیسفەهان، یەزد، ئەراک، کرمان، گەرمسار و گناوە بەڕێوەچووە.

مانگرتنەکە لەسەر داوای چەند حزب و رێکخراوی ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران لە یادی سێیەم ساڵی رۆژی 24ـی ئابان ساڵی 1398 کۆچی بووە. لەو رۆژەدا (٢٤ـی تشرینی دووەمی 2019) لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ئێران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و بەپێی زانیارییە نافەرمییەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لەو رۆژەدا بە سەدان خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.