زاڵمای خەلیلزاد: حکومەتی ئێران پشتگیری ناوخۆیی لەدەستداوە

"ئەمەریکا پشتگیری لەوە دەکات کە دان بە مافی ئێرانییەکان بنرێت و خۆیان داهاتووی خۆیان دیاریبکەن"
زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان
زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان

K24 – هەولێر

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و عێراق لەگەڵ ئاماژەدان بە "بەرفراوانی"ـی خۆپێشاندانەکانی ئێران لە هەموو شار و شارۆچکەکان و بەشداربوونی نەتەوەکان تێیدا، گوتی: حکومەتی ئێران پشتگیری ناوخۆیی خۆی لەدەستداوە".

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەدەچێت و هەر یەک لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و نوێنەری 80 وڵات تێێدا بەشدار دەبن.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و عێراق، یەک لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکەیە و لە گوتارێکدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییە جیهانییەکان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی، شەڕی ئۆکرانیا، پرسی ئێران و دروستکردنی جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی وزەی ئەوروپا، کرد.

خەلیلزاد لەبارەی پرسی ئێران و رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، گوتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ رێککەوتنیک لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نێران ناکرێت، بەڵکو ئێستا زیاتر جەخت لەسەر چالاکی ئێران، پاڵپشتیکردنی لە رووسیا، دەستوەردانی لە کاروباری وڵاتانی درواسێ، بەکارهێنانی شەڕی بە وەکالەت و پاڵپشتیکردنی ملیشیاکانە. بێگومان ئەمانەش کێشەی گەورەن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەو، لەبارەی خۆپێشاندانەکانی شەست رۆژی رابردووی ئێران رایگەیاند: حکومەتی ئێران لە ناوخۆدا پاڵپشتییەکی زۆری لەدەستداوە، نەک تەنیا ئافرەتان، بەڵکوو نەتەوە جیاوازەکانیش لە ناوخۆدا پشتگیری لەو حکومەتە ناکەن.

زاڵمای خەلیلزاد گوتی: حکومەتی ئێران بەردەوام خواست و داوای خەڵکی خۆی فەرامۆشکردووە. خۆپێشاندانەکانی ئێستای ئێران لە ئاستێکی فراوان دایە و هەموو شار و شارۆچکەکانی گرتووەتەوە و هەموو نەتەوەکان تێیدا بەشدارن. بۆیە ئەمەریکا پشتگیری لەوە دەکات کە دان بە مافی ئێرانییەکان بنرێت و خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بکەن".

هاوکات دووپاتیشی لەوە کردەوە، بەکارهێنانی هێز دژی خۆپێشاندەران، پێشێلکردنی هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤی جیهانییە.