ناتۆ له‌باره‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی دوو مووشەك له پۆڵه‌ندا زانیاری نوێ ده‌خاته‌ڕوو
K24 - هەولێر:
سکرتێری گشتیی ناتۆ، رایده‌گه‌یه‌نێت، دوو مووشەکەی دوێنێ كه لە پۆڵەندا کەوتەخوارەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس، ره‌نگه لە رێگای سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیاوە لە دژی مووشەکی ئاراستەکراوی رووسیا تەقێندرابێت.
دوای کەوتنی دوو مووشەك لە پۆڵەندا، یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لە ناکاوی باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی کرد.
دوای کۆبوونەوەکە ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەدا، لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکەی پۆڵەندا بەردەوامن و پێویستە چاوەڕێی ئەنجامەکان بکەین.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای ئەوەی دوێنێ رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی لە رێگای ئاراستەکردنی مووشەکەوە بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، دوو مووشه‌ك لە پۆڵەندا کەوتنه‌خواره‌وه و بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی دوو هاووڵاتی پۆڵه‌ندی.
هه‌روه‌ها گوتی: "بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەمە هێرشێکی بە مەبەست بووە. لێكۆڵینه‌وه بەرایییەکانمان دەریدەخەن، رووداوەکە لە رێگای سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە لە دژی مووشەکی ئاراستەکراوی رووسیا تەقێندراوە. بەڵام بە راشکاوی دەیڵێم کە ئەوە هەڵەی ئۆکرانیا نییە".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە لە بارەی رووداوەکەوە شەوی رابردوو هیچ پەیوەندییەک لە نێوان رووسیا و ناتۆ ئەنجامدراوە، یانس ستۆڵتنبێرگ گوتی: "پەیوەندی لەنێوان هەردوولادا ئەنجامدرا".
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشدا وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ یەکگرتوون و بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
دوێنێ سێشه‌ممه (15ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، میدیاكانی پۆڵه‌ندا، بڵاویانكرده‌وه، دوو مووشه‌كی رووسیا له گوندێكی رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه، كه بوونەتە هۆی گیانله‌ده‌ستدانی دوو هاووڵاتی.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، وه‌زاره‌تی بەرگری رووسیا، دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکی وڵاته‌كه‌ی له پۆڵەندا ره‌تكرده‌وه و به گێچەڵکاری به مۆسكۆ وه‌سفیكرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مەبەست لەم دەنگۆیانه ئاڵۆزترکردنی ململانێکانه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، هه‌واڵی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مووشه‌كی رووسیا له پۆڵه‌ندا پشتڕاستكرده‌وه و ئاماژه‌ی به كوژرانی دوو كه‌س كرد.