پاپای ڤاتیكان پێشوازی له میری ئێزدییان كرد
K24 – هه‌ولێر:
میر حازم ته‌حسین سه‌عید، میری ئێزدییه‌كانی عێراق و جیهان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای رووحانی ئێزیدی، سه‌ردانی پاپا فره‌نسیس، پاپای ڤاتیكانی له كۆشكی پاپا له ڤاتیكان كرد.
له دیداره‌كه‌دا، خاتوو میان خه‌یری به‌گ، هاوسه‌ری میری ئێزدییان و سائیب خدر ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده بوون.
له دیداره‌كه‌یدا میری ئێزدییان باسی له گرنگی سه‌قانگیری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كرد و ئاماژه‌ی به دۆسییه‌ی ئاواره ئێزدییه‌كان كرد و به پێویستی زانی كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، میری ئێزدییان باسی له گرنگی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگالی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد و جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر بایه‌خی پارێزگاریكردنی پێكهاته‌كان له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
داوایشی كرد، چاره‌سه‌رێك بۆ په‌نابه‌ره ئێزدییه‌كان بدۆزرێته‌وه، كه ئێستا له یۆنانن و به پێویستی زانی به‌سه‌ر وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپادا دابه‌ش بكرێن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، میر باسی له رۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كرد له پشتیوانیكردنی رزگاربووه ئێزدییه‌كان و پێشكه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكاری پێیان.
هه‌روه‌ها ستایشی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، بۆ پشتیوانیكردنی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، مه‌یان خه‌یری به‌گ، هاوسه‌ری میر، باسی له گرنگی پشتیوانیكردنی رزگاربووه ئێزدییه‌كانی كرد، چونكه ئه‌وان به ره‌وشێكی دژوار‌دا تێپه‌ڕیون و داوایشیكرد، هاوكاری زیاتر بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئێزدییانه‌ی ماونه‌ته‌وه رزگار بكرێن.