لهبارهی ئهو پاس و تاكسییانهی هاتووچۆ به قوتابییان دهكهن قائیمقامیهتی سلێمانی راگهیهندراوێك بڵاودهكاتهوه
K24 - سلێمانی:
قائیمقامیهتی سلێمانی چاودێری ئەو پاس و تاكسيانە دەکات، كە هاتوچۆ بە قوتابییان دەكەن و راشیگهیاند، تیژڕەوی رێگە پێدراو نییە.
ئهمڕۆ (چوارشهممه 16ـی تشرینی دووهم/نۆڤێمبهری 2022)، راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی، لهبارهی ئهو پاس و تاكسییانهی هاتووچۆ به خوێندكاران دهكهن، راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: چاودێری ئەو پاس و تاكسيانە دەكهین، كە هاتووچۆ بە قوتابییان دەكەن.
له راگهیهندراوهكهدا قائیمقامیەتی سلێمانی بەخێوکاران و قوتابییان ئاگاداردەکاتەوە، پابهندی ئهم رێنماییانهی خوارهوه بن:
1. ئەو پاس و تەكسییانەی قوتابییان دەگوازنەوە، دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەکانی هاتووچۆ بکەن.
2. پاسەکان دەبێت مەرجی سەلامەتی و توندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمی تێدابێت.
3. رێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر قوتابی هەڵبگرێت.
4. لە بەشی کارگێری هەر قوتابخانهیهكدا، لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەكان پێکهاتووە، کە زانیاری تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێر و پاسەكانی لابێت، و بەردەوامیش چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات، کە قوتابییان دەگوازنەوە.
5. تیژڕەوی لەکاتی گواستنەوەی قوتابییان رێگەپێدراو نییە.
6. لەکاتی گواستنەوەی قوتابییاندا نابێت شۆفێرەکان رادیۆ و هۆیهکانی لێدانی گۆرانی و میوزیک بەکاربهێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بکەن.
7. پارەی رۆژانی پشووە فەرمییەکان، جگە لە رۆژانی هەینی دەگەرێتەوە بۆ قوتابییان.
8. دانانی پەردە و ئاوێنەی زیادە رێگەپێدراو نییە.
9. پابەندی ئەو نرخانە بن کە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی دیاریدەکرێت.
10. نرخی گواستنەوە بە پێی ناوچەی جوگرافی و دوور و نزیکی و تایبەتمەندی شوێنەکە دیاریدەکرێت.
دووپاتیشیكردهوه، هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەنجامبدات، رێوشوێنی پێویست و گونجاو له دژی دەگیرێتەبەر.
دواجار قائیمقامیهتی سلێمانی داوای له کەسوکاری قوتابییان كرد، لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک، پهیوهندی به ژمارەی پەیوەندی (07701061603) بكهن.