کۆمارییەکانی ئەمەریکا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان مسۆگەرکرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

دوای هەشت رۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆمارییەکان توانیویانە 218 کورسی مسۆگەر بکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو ئەنجومەنە لەلای کۆمارییەکانە.

دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامەکانیش، ستیڤ مەکارسی سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە بڕیارە شوێنی نانسی پیۆڵەسی بگرێتەوە رایگەیاند، ئەمەریکیەکان ئاراستەیەکی نوێیان گرتەبەر و کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئاستی خواستی دەنگدەرانیان دەبن.

هاوکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن کۆمارییەکانەوە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پیرۆزبایی ئاراستەکردن و هیوای خواست لەداهاتوودا بتوانن پێکەوە کاربکەن، ئەمە لە کاتێکدایە دیموکراتەکان زۆرینەی سیناتیان بە بەدەستهێنانی 50 کورسی مسۆگەر کردووە.

رۆژی (8ـی تششرینی دووەمی 2022) لە گوتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتی دیموکراتەکان لە واشنتن، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: کۆمارییەکان دەیانەوێت ئەمەریکا رووبەڕووی دابەشکاری ناوخۆیی ببێتەوە و بەشێکیان لەڕێگەی بانگەشەکانیانەوە هەوڵ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی سیاسی دەدەن، کە ئەوە ئەمەریکا دەخاتە بەردەم مەترسییەوەکی گەورەوە.

لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا له‌میانی گوتارێكدا بۆ پشتیوانی له‌ هه‌ڵمه‌تی پارته‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە (8ـی تششرینی دووەمی 2022) بۆ زۆرێک لە خەڵکی ئەمەریکا رۆژێکی خۆش دەبێت و هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر ئیداره‌ی بایدن و گوتی، ئه‌مه‌ریكا سه‌نگ و متمانه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌.

ئەمەریکا وەک یەکێک لە زلهێزترین وڵاتەکان و هێمای دیموکراسی لە جیهاندا، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردن لەناوخۆدا بەجۆرێک دابەشبووە، کە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بەردەوام چاودێرن بەسەر یەکدییەوە و رێگری لە هەر جۆرە تاکڕەوییەک دەکەن.

باوکانی دامەزرێنەر یاخود ئەو کەسانەی دەستووری ئەمەریکایان نوسیوەتەوە، دەسەڵاتەکانیان دابەشکردووە بۆ سێ بەش، یەکەم: دەسەڵاتی یاسادانان یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت کۆنگرێس، بە گرنگترین دەسەڵاتی ئەمەریکا دادەنرێت کە پێکهاتوون لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران و لە دەستووردا مادەی یەکەمی بۆ تەرخانکراوە، دەسەڵاتەکانیشی بریتین لە: تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، رەزامەندیدان لەسەر ئەو بەپرسانەی لەلایەن سەرۆکەوە دیاریدەکرێن، ڕەزامەندیدان لەسەر ئەندامانی هەمیشەی دادگای باڵا کە لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشاندەکرێن، دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس بە جۆرێکە دەتوانن بەدەنگی دوو لەسەر سێی سەرۆک لە کارەکەی دووربخنەوە ئەگەر لە تاوانێکی ئابڕوو بەرانە تێوەگلابێت.

دواتر دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەیە، کە بریتین لە سەرۆک و جێگرەکەی، دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگرەکەی لە ئەمەریکا بەم شێوەیەن، سەرۆک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، دادوەرانی هەمیشەی داداگای باڵا دەستنیشاندەکات، تەنها کەسە کۆدی چەکە ئەتۆمییەکانی لەلایە، دەسەڵاتی راگەیاندنی جەنگی هەیە، توانای خەرجکردنی 50 ملیار دۆلاری هەیە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی جیهان، سەرۆک کۆمەڵێک راوێژکاری هەیە لە بوارە جیاوازەکاندا کە بە سکرتێر ناسراون لەوانە بەرگری و خەزێنە.

دەسەڵاتی سێیەمیش کە دەسەڵاتی داداوەرییە، لە مادەی سێی دەستووری ئەمەریکا ئاماژەی پێکراوە، لە نۆ دادوەر پێکهاتوون و مانەوەشیان لە پۆستەکانیان هەمیەشییە مەگەر خۆیان دەستلەکاربکێشنەوە، دەسەڵاتەکانیشیان بریتین لە یەکلایکردنەوەی کێشەی نێوان ویلایەتەکان و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لەمانە دەسەڵاتی دادوەری سەرجەم دادگاکان دەگرێتەوە هەر لە دادگا ناوچەییەکانەوە تاوەکی دادگای باڵا.