لەتیف رەشید: سێ ساڵە عێراق هەنگاوی باشی نەناوە

K24 – هەولێر

سەرۆککۆماری عێراق، نەبوونی یاسای نەوت و غاز لە عێراق بە گرفت دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، راشیدەگەیەنێت: سێ ساڵە عێراق هەنگاوی باشی نەناوە و نەیتوانیووە بودجە بە باشی خەرج بکات.

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە سێیەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌ دهۆك گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "هیوادارم وانە لە قۆناغی رابردوومان وەربگرین و هەموو کێشەکانی عێراق بە دیالۆگ و هاوکاری چارەسەری بکەین".

گوتیشی: "ماوەی سێ ساڵە عێراق نەیتوانیووە بە باشی بودجە خەرج بکات، هەروەها نەشیتوانیوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

سەرۆککۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش کاری لە پێشینەی حکومەتی عێراق، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە هەموو ناوچەکانی عێراق.

دەڵێت: "یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە دەبێ هەموو لایەک هەوڵی بۆ بدەین، دروستکردنی شەراکەتی راستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەن لە عێراقدا".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەتیف رەشید، گوتی: "ئەگەر کێشە هەبێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دەبێ بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت، نەبوونی یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە کێشەکان، هیوادارین پەلە بکرێت بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق هەبێت".