چوار خۆپێشاندەر لە خۆپێشاندانەکانی شاری بۆکان کوژران

خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

K24 – هەولێر

لە خۆپێشاندانەکانی شەوی چوارشەممەی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، کوژران.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە خۆپێشاندانەکانی شەوی چوارشەممە (16ـی تشرینی دووەم) لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار خۆپێشاندەر بە ناوەکانی (سالار موجاور)، (ئەسعەد رەحیمی)، (محەمەد حوسێنزادە) و (سامان قادربیەگی) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون.

(سالار موجاور)، (ئەسعەد رەحیمی) و (سامان قادربیەگی) بە تەقەی راستەخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام (محەمەد حوسێنزادە) بە چەقۆ کوژراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، (محەمەد حوسێنزادە) لە باغی قازیی شاری بۆکان کاتێک ویستوویەتی کچێک لە دەستی هێزە ئەمنییەکان رزگار بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چەند چەقۆیەکی لە سینگ و سەردڵی دراوە و بەم هۆکارەشەوە گیانی لەدەستداوە.

خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، زیاتر لە شەست رۆژە بەردەوامە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە دواراپۆرتیدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی شەست رۆژی رابردوودا (تا شەوی 15‌ی تشرینی دووەم) بەلانی کەمەوە 342 کەس و لەنێویاندا 43 منداڵ و 26 ژن لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژراون.