حه‌شدی شه‌عبی هۆكاری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی سعودیه و عێراقه
K24 – هه‌ولێر
رۆژنامه‌ی "العرب" چاپی له‌نده‌ن له ژماره‌ی رۆژی 1-7-2016 له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باس له هۆكاری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و سعودیه ده‌كات.
رۆڵی نه‌رێنی ملیشیای شیعه له عێراق ناكۆكی نێوان به‌غدا و ریاز جارێكی تر زیاتر كردووه، پاش ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به ده‌ستپێشخه‌ری سعودیه بۆ كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا به‌ره‌و ئاساییبوونه هه‌نگاوی هاوێشت و هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی خۆی له شه‌ڕی دژی داعش پیشاندا و ئاماده‌یی خۆیشی بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تیدان خستبووه روو.
سعودیا وه‌ك زۆرێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی پێی وایه گرفته‌كه ملیشیا شیعه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له لایه‌ن ئێرانه‌وه پڕچه‌ك كراون و ئامرازێكن بۆ سه‌ركۆتكردنی تایفه‌ی سونه له عیراق و هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ په‌ره‌پێدانی ناكۆكی تایفی له ناوچه، هه‌ر ئه‌و كاره‌ی كه بووه هۆی ئاڵۆز و دژوارتر بوونی شه‌ری دژی داعش.
ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژی رێكخراوی داعشی له شاری فه‌لوجه، ده‌ستدرێژییه‌كانی ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی به‌دوای خۆیدا هێنا كه رۆڵی نه‌رێنی ملیشیاكان له عێراق پیشاندا و داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان به‌دوای خۆیدا هێنا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودیه عادل جوبێر داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق كرد كه بووه هۆی زیاتربوونی ناكۆكی تایفی و حه‌شدی شه‌عبی تایفی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران تۆمه‌تباری كرد.
هه‌روه‌ها داوای پێكهێنانی حكوومه‌تێكی پێكهاتوو له ته‌واوی لایه‌نه‌كانی عێراقی كردبوو.
هه‌ڵوێستی سعودیه به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، كاردانه‌وه‌ی توندی به‌رپرسانی شیعه‌ی عێراق به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌یاننامه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئیبراهیم جه‌عفه‌ری لێكه‌وته‌وه كه سه‌ر به ئێران ناسراوه و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی خستۆته خزمه‌تی به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئێران.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌یاننامه‌كه‌دا له‌سه‌ر ناوی وته‌بێژه‌كه‌ی، ده‌ستێوه‌ردانی چه‌ند باره‌ی سعودیه له كاروباری ناوخۆیی عێراق ره‌تكرده‌وه.
هه‌روه‌ها حه‌شدی شه‌عبی به دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی پیكهاتوو له خۆبه‌خشانی ته‌واوی پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق وه‌سفكردووه كه به‌شێكه له دامه‌زراوه‌ی به‌رگری عێراق و فه‌رمانه‌كانی له فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان وه‌رده‌گرێت و پاره‌كه‌شی له بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت دابین ده‌كرێت.
حزبی ده‌عوه به سه‌رۆكاتی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق داوای پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ سعودیه كرد.
سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه رایگه‌یاند: "موجاهیدانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ڵماندیان كه ده‌توانن سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ست بێنن و كیان و هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق بپارێزن."
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی له لایه‌ن خۆیه‌وه به‌رگری له حه‌شدی شه‌عبی كرد و تۆمه‌تباركردنیان به تۆمه‌تباركردنی ته‌واوی عێراقییه‌كان وه‌سفكرد.
عه‌بادی له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند: :"ئه‌و ده‌نگانه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه رێگه به عێراقییه‌كان نادات بجه‌نگن و خاكه‌كه‌یان رزگار بكه‌ن ."
سعودیا پاش نزیكه‌ی نێو سه‌ده، باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا كرده‌وه و سامر سه‌بهان ئه‌فسه‌ری به پله‌ی عه‌مید وه‌ك یه‌كه‌م باڵیۆزی خۆی له عێراقی دوای سه‌دام ده‌ستنیشانكرد.
هه‌نگاوی سعودیه به سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عێراق به جیهانی عه‌ره‌بی و دانانی سنوورێك بۆ ده‌سترۆیشتوویی ئێران هه‌ژماركرا، به‌ڵام رووداوه‌كانی وه‌ك كاردانه‌وه‌كانی به‌رامبه‌ر باڵیۆزی سعودیه و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی فه‌لوجه به به‌شداری حه‌شدی شه‌عبی و به‌رده‌وامبوونی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ئیران له رێگه‌ی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران قاسم سلێمانی لێكه‌وته‌وه.