باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: وەکو هاوبەشێکی راستەقینە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین

"ئێران ماوەیەکی زۆرە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق دەکات و سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات"
.
.

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا وەکو هاوبەشێکی راستەقینە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و پابەندە بە مانەوەی لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێلێنا رۆمانۆوسكى، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێلێکی سێیەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌ دهۆك، گوتی: "ئەمەریکا وەکو هاوبەشێکی راستەقینە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و لێرە دەمێنینەوە و رۆڵی ئەرێنی دەگێڕین، بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە بگونجێن"، ناوبراو ئامادەیی ئەمەریکای بۆ هاندانی لایەنەکان لە کەمکردنەوەی کێشەکان دەربڕی و داوایکرد دەرفەتەکان زیاتر بکرێن بۆ گەشەپێدان و کێشەکان لەگەڵ عێراق چارەسەربکرێن. 

 لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند، ئەو پەیوەندییەی کە هەمانە دەمانەوێت بەردەوامبێت و لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت، لە هەمانکاتدا ناوبراو جەختی لە سەروەری خاکی عێراق کردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەولێر و بەغدا هەبێت و پەیوەندی هەردوولاش پێکەوە باشبێت، وەک خوی دەڵێت: "ئەگەر وانەکەین ئەو ئەجندایەی هەمانە شکست دەهێنێت".

لەبارەی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری عێراق و هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، ئێران ماوەیەکی زۆرە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق دەکات و سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات، لە هەمانکاتدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئێران بە دراوسێیەکی کاریگەر ناودەبات کە پەیوەندیی سیاسی، ئابووری و ئەمنی لەگەڵ عێراقدا هەیە، بەڵام ناوبراو ئەوەی نەشاردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی پێشێلکردنی خاکی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بە دەستی عێراقییەکان و محەممەد شیاع سوودانیە و پێویستە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێران دروستبکات. 

لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ولاتانی دراوسێ رۆمانۆوسکی بە ئەرکی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق دەزانێت تیشک بخاتە سەر رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی، چونکە ناوبراو پێیوایە ئەمە بەشێوەیەکی باش کاریگەری دەبێت لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆمانۆوسکی بە پێویستی دەزانێت سوودانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا رێکبخاتەوە.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی: "یەکێک لە کارەکانی حکومەتی ئێستای عێراق چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی لایەنە سیاسییەکان کوردستان، هاوکات چارەسەکردنی پرسی نەوت، بودجە و بەکارهێنانی سەرچاوە ئابوورییەکانە بۆ بەرژەوەندی هەمووان".