هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سلێمانی بۆ 11 كه‌س به‌رزبووه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێك له‌و منداڵانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار گیانی له‌ده‌ستدا و به‌مه‌ش ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان بۆ 11 كه‌س به‌رزبووه‌وه.
دوای ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵێك له گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشته 11 كه‌س و 12 كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م رووداوه برینداربوونه.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له‌میانه‌ی لێدونێكدا رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌و منداڵانه‌ی به رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سیسته‌می غاز بریندار ببوو و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار كرابوو، ئه‌مڕۆ هه‌ینی گیانی له‌ده‌ستدا و به‌مه‌ش ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشته 11 كه‌س.
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "ئێمه له ئێستادا پێویستمان به‌وه هه‌یه هاووڵاتییان ده‌رفه‌تی ئه‌وه بده‌ن تیمه‌كانمان به دروستی كاره‌كانییان ئه‌نجام بده‌ن".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی، ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی كه به‌هۆی باشبوون نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه، پێنج كه‌سن و تا ئێستا حه‌فت كه‌س له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه، پتر له 15 كاتژمێره تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی سه‌رگه‌رمی ده‌رهێنانی قوربانییانن.