سه‌رجه‌م قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سلێمانی كه‌سوكاری وێنه‌گرێكی كوردستان24ـن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رجه‌م قوربانییانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شاری سلێمانی، كه‌سوكاری وێنه‌گرێكی كوردستان24ـن، ناوبراو زانیاری زیاتر له‌مباره‌یه‌وه ده‌خاته‌ڕوو.
حاجی مەزهەر شێخ عەبدولڕەحمانی سیرێ، خاوەنی ئەو ماڵەیه کە لە سلێمانی تەقینەوە تێیدا روویدا، مامی کاوە جەمیلە و، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، داوەتی زاوا و کوڕ و کچەکانی کردووە.
كاوه جه‌میل وێنه‌گری كوردستان24 له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی شه‌وی رابردوو له‌و خانووه‌دابوون، 21 كه‌س بوون و نۆ له‌و كه‌سانه‌ی گیانییان له‌ده‌ستداوه منداڵن، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تا ئێستاش شه‌ش كه‌س له نه‌خۆشخانه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
كاوه جه‌میل روونیكرده‌وه، رووداوه‌كه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی شۆفاز بووه، دوێنێ وه‌ستا هاتووه كار له چاككردنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه بكات كه غاز تێیدا دزه‌ی كردووه، پاشان ئه‌و رووداوه روویدا.
له‌باره‌ی كاتی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی قوربانییان، ناوبراو گوتی: "تا هه‌موو ته‌رمه‌كان له‌ژێر داروپه‌ردووی خانووه‌كه ده‌رنه‌هێندرێن، قسه له‌سه‌ر به‌خاكسپاردنییان ناكه‌ین، هێشتا تیمه‌كانی فریاگوزاری خه‌ریكی كاری خۆیانن".
قوربانییەکان کەسوکاری شاهۆ تەیب، بەڕێوەبەری تەکنیکی کوردستان24 و کامیار و کاوە جەمیل دوو وێنەگری کوردستان24ـن.
دوای ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵێك له گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشته 11 كه‌س و 12 كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه برینداربوونه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی، ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی كه ره‌وشیان باشه و نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه، پێنج كه‌سن و تا ئێستا حه‌فت كه‌سیش له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه، زیاتر له 15 كاتژمێره تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی سه‌رگه‌رمی ده‌رهێنانی قوربانییانن.