تەرمی سێ کەسی دیکە لە رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی دۆزرانەوە و ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 15 کەس

رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی
رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی

K24 – هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له‌ شاری سلێمانی، ته‌رمی سێ کەسی دیکە لە رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غاز له‌ ماڵێكی گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی سلێمانی دۆزرانەوە و بڕیارە ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری بكرێن. 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌م رووداوه‌ بۆ 15 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌، جیا له‌وه‌ش 12 هاووڵاتی دیكه‌ش به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌وه‌ بریندارن.

روونیشیكرده‌وه‌، ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی رەوشییان باشترە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، پێنج كه‌سن و تا ئێستا حه‌فت كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماونه‌ته‌وه‌، لە شەوی رابردووەوە تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی سه‌رقاڵی ده‌رهێنانی قوربانییانن.

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵی هاووڵاتییه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی، 15 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 12 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، بەم بۆنیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیش یه‌ك رۆژ ماته‌مینی گشتی راگه‌یاند.