كه‌نه‌دا هاوخه‌می بۆ رووداوه‌كه‌ی سلێمانی ده‌رده‌بڕێت

K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق هاوخه‌می بۆ رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی ماڵێك له گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی شاری سلێمانی ده‌ربڕی.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (18ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق له تویتێكدا، پرسه و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكار و هاوڕێیانی قوربانیانی رووداوه‌كه‌ی سلێمانی ده‌كات.
باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، "پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆم بۆ كه‌سوكار و هاوڕێیانی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدا و برینداربوون له رووداوی تراژیدی ته‌قینه‌وه‌ی غاز له دوێنێ ئێواره له سلێمانی".
دوێنێ پێنجشه‌ممه (17ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، دوای ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵێك له ماڵێكی گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی سلێمانی، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشته 15 كه‌س و 12 كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م رووداوه برینداربوونه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی، ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی كه نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه، پێنج كه‌سن و تائێستا حه‌فت كه‌س له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه.