ئەو کەسانەی لە تەقینەوەکەی سلێمانیدا گیانیان لەدەستدا بەخاکدەسپێردرێن

.
.

K24 - سلێمانی

ئەو کەسانەی لە ئەنجامی تەقینەوەی ماڵێک بەهۆی لێچوونی غازەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا لە شاری سلێمانی بەخاکدەسپێردرێن.

لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی ئێوارەی پێنج شەممە (17ی تشرینی دووەمی 2022) بەهۆی لێچوونی غازەوە خانوویەک تەقییتەوە و لە ئەنجامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمڕۆش لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، تەرمەکان لە گۆڕستانی کەڵەکن لە شاری سلێمانی بەخاکدەسپێردرێن.

ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، خزم و کەسوکاری یەکترن و بۆ بۆنەیەکی خێزانی لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کۆببوونەوە، ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە بریتین لە (چیمەن قادر عەزیز، بەهار قادر عەزیز، چیا مەزهەر عەبدولرەحمان، رۆژان ئەنوەر سەلیم، محەمەد عەبدوڵڵا جەمیل، ژیلیا عەبدوڵڵا جەمیل، دانیار بەختیار قادر، داركۆ بەختیار قادر، زەند بەختیار قادر، میر بەهادین مەزهەر، لیا بەهمەن مەزهەر، باكۆ دانا عەلی، یانۆ دانا عەلی، ئارش فاتح محێدین، حوسێن گۆڵكار)

رووداوەکە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆیان لە رووداوەکە دەربڕی و ئامادەییان نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک.