شاندێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە عەممان بەشداری كۆڕبەندێكی جیهانی دەكەن

K24 – هەولێر

شاندێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عەممان بەشداری لە کۆڕبەندی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان دەکەن.

‎شاندەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە پێکهاتوون لە هەرمان بەرواری بەڕێوەبەری گشتی دیوان، د. جەمال ئەحمەد حوسێن بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن، سۆران سابر بەڕێوەبەری یاسا و گرێبەستەکان، بەشداریان لە کۆڕبەندی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد، كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو.

‎بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، شاندەكەیان چەندین دیداریان ئەنجامداوە سەبارەت بە بوارەکانی تەکنەلۆجیاو گەیاندن. پرسی سەرەکی کۆڕبەندەکە لە بواری تەکنەلۆژیا و داهێنان و بازرگانی، هەروەها دابینکردنی هەلی کار لە رێگەی بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە و کەسانی تایبەت بەو بوارە کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن و بە ئاگابوون لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا بۆ ناوچەکە.

‎ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆڕبەندەدا چەندین لایەن و کەسایەتی شارەزا بەشداربوون، هەر لە کەسانی ئەکادیمی و زانایان، تەکنەلۆژیستەکان، خاوەنکاران، وەبەرهێنەران، بەڕێوەبەرانی پەیوەندییەکان، کەسانی بازرگانی و بەرپرسانی حکومەت  بۆ کۆبوونەوە و دروستکردنی هەماهانگی و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە.

‎ئەوەشخراوەتەڕوو، لە درێژەی سەردانەكەیاندا شاندی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بواری پۆستە و گەیاندنی حکومەتی شانشینی ئوردن بە مەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا.

ئەم کۆڕبەندە لە ئوردن و لە ژێر چاودێری شا عەبدوڵڵای دووەم بەڕێوەدەچێت.

.