ئالان حەمە سەعید: سەرۆکی حکومەتی هەرێم پرسەکەی سلێمانی بە پرسەی خۆی دەزانێت
K24 - هەولێر
ئالان حەمە سەعید وزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (19ی تشرینی دووەمی 2022) بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی ئەو کەسانە کرد کە لە ئەنجامی تەقینەوەی خانووەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی گیانیان لەدەستدا و بەناوی سەرۆکی حکومەتەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد.
ئالان حەمە سەعید رایگەیاند: "سەرۆکی حکومەت لە یەکەم ساتی روودانی ئەم کارەساتەکە، پەیوەندی بە پارێزگاری سلێمانییەوە کرد، ژمارەیەک فەرمان و راسپاردەی هەبووە و پشتیوانی ئیدارەی سلێمانی کرد بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە".
ئەو گوتی: " سەرۆکوەزیران پرسەکە بە پرسەی خۆی و هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێت و هاکات سوپاسی پارێزگا و تیمەکانی بەرگری شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، تیمەکانی هاتوچۆ و هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم خۆبەشەکان دەکات کە هاوکاربوون بۆ دەرهێنانەوەی ئەو ئەزیزانە لەژێر خانووە رووخاوەکەدا بوون".
لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی ئێوارەی پێنجشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2022) بەهۆی لێچوونی غازەوە، خانوویەک ڕووخا و لە ئەنجامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ لە ڕێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، تەرمەکان لە گۆڕستانی کەڵەکن لە شاری سلێمانی بەخاکدەسپێردرێن.
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، خزم و کەسوکاری یەکترن و بۆ بۆنەیەکی خێزانی لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کۆببوونەوە، ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە بریتین لە (چیمەن قادر عەزیز، بەهار قادر عەزیز، چیا مەزهەر عەبدولڕەحمان، رۆژان ئەنوەر سەلیم، محەمەد عەبدوڵا جەمیل، ژیلیا عەبدوڵا جەمیل، دانیار بەختیار قادر، داركۆ بەختیار قادر، زەند بەختیار قادر، میر بەهادین مەزهەر، لیا بەهمەن مەزهەر، باكۆ دانا عەلی، یانۆ دانا عەلی، ئارش فاتح محێدین، حسێن گۆڵكار)
رووداوەکە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆیان لە ڕووداوەکە دەربڕی و ئامادەییان بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک نیشاندا.