لە هەولێر پرسە بۆ قوربانیانی رووداوەکەی سلێمانی دادەندرێت

کاتی بەڕێکردنی تەرمی قوربانیان بۆ گۆڕستان - فۆتۆ: AA
کاتی بەڕێکردنی تەرمی قوربانیان بۆ گۆڕستان - فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر

دوای کۆتاییهاتنی پرسەی قوربانیانی رووداوەکەی سلێمانی لە شاری سلێمانی لە هەولێریش پرسە دادەندرێت و شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی پرسە دیاریدەکرێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، لە هەولێر پرسە بۆ قوربانیانی رووداوەکەی سلێمانی دادەندرێت و گوتی: "دوای ئەوەی پرسە لە سلێمانی تەواو بوو بە بەشداری ئەندامانی خاوادەی قوربانیان پرسە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

سەبارەت بە شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی پرسە، ئومێد خۆشناو ئەوەی خستەڕوو لە رۆژانی داهاتوودا شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی پرسەکە دیاری دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە یەکەم چرکەساتی رووداوەکەی سلێمانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بە دڵ لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی سلێمانی بوونە.

پارێزگای هەولێر، هیواشی خواست ئەم کارەساتە دوایین ناخۆشی بێت بۆ سلێمانی و هەرێمی کوردستان مرۆڤایەتی.

رۆژی پێنجشەممە 17/11/2022، بەهۆی لێچوونی غاز خانووێک لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی تەقییەوە، لە ئەنجامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.