ئیلۆن مەسک تویتەری ترەمپی چالاککردەوە

K24 - هەولێر:

تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رێگە بە دۆناڵد ترەمپ دەدات هەژماری خۆی کارا بکاتەوە، بەڵام ترەمپ ئەمجارە رازی نییە تویتەر بەکاربهێنێت.

لە راپرسییەکدا ئیلۆن مەسک، خاوەنی تویتەر، داوای لە خەڵک کرد بە بەڵی یان نەخێر بڕیار لەوە بدەن کە ئایا رێگە بە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بدرێت دووبارە تویتەر بەکاربهێنێتەوە یان نا.

لە ماوەیەکی کەمدا 14 میلیۆن کەس لەم راپرسییەدا بەشداریان کرد و نزیکەی 51 لە سەدیان بە بەڵی وەڵامیان دایەوە.

هەر بۆیە مەسک رایگەیاند، ترەمپ دەتوانێت ببێتەوە بەشداربوویەکی تویتەر، بەڵام ترەمپ رەتیکردەوە بگەڕێتەوە بۆ تویتەر چونکە وەک ئەو دەڵێت تویتەر خۆی کێشەی گەورەی تێکەوتووە. 

سەبارەت بە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کە ترەمپ خۆی دامەزرێنەرێتی، ناوبراو گوتی: لە تروس دەمێنمەوە، ئێستا پلاتفۆڕمی تروس لە دۆخێکی زۆر باش دایە و بەردەوام بڵاودەبێتەوە.

لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، ترەمپ بەشێوەیەکی بەرچاو تویتەری بەکاردەهێنا بۆ هێرشکردنە سەر نەیارانی.

بەڵام بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2020 درووست بوو، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئیدی رێگەی بە ترەمپ نەدا هەژماری خۆی بەکاربهێنێت.

.