زیانە گیانییەکانی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکرێت

K24 – هەولێر

بەهۆی بۆردومانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، نۆ شەڕڤانی هەسەدە و شەش سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستداوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا نۆ شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شەش سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستدا، هەروەها 30 کەسی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان بریندارن و برینی هەندێکیان سەختە.

سوپای تورکیا بنکەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە کۆبانێ و شارۆچکەکانی دێرک، زرگان و دربێسیێ لە سنووری پارێزگای حەسەکە کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە گرێسپی سەر بە پارێزگای رەققە چەند خاڵێکی سوپای سووریا بۆردومان کراون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20/11/2022، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەفراوانی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی بۆردومان کرد.

ماڵپەڕی فەرمی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، بەوردی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.

رەزوان بێزار، رۆژنامەنووس لە کۆبانێ لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەوڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، جگە لە بۆردومانکردنی کۆبانێ و چەند ناوچەیەکی دیکە، هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردمانی تورکیا ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی کۆبانێ بەتایبەتی منداڵان دروستکردووە.