نزیکەی 100 قوتابی لە سلێمانی تووشی تەنگەنەفەسی بوون

زانكۆی سلێمانی
زانكۆی سلێمانی

K24 – هەولێر

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، هێزە ئەمنییەکان بەهەڵە گازی فرمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ناو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی لە گەڕەکی شەکرەکەی سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامدا نزیکەی 100 قوتابی تووشی حاڵەتی تەنگەنەفسی و چاوکزانەوەبوون، سەرجەمیشیان لەلایەن ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنەوە لە نزیک قوتابخانەکە چارەسەریان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

هاوکات عومەر محەممەد، جێگری بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، سەردانی قوتابخانەکەی کرد و بە میدیاکانی راگەیاند، "دۆخی سەرجەم قوتابییەکان باشە و هیچ کێشەیەکیان نەماوە. ئەو گوتیشی: لەگەڵ پۆلیس و دەزگاکانی دیکە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2022)، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی بۆ داواکردنی دەرماڵە جارێکی دیکە خۆپێشاندانیان ئەنجامدا، خوێندکاران لە بەردەم پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە، پاشان هەوڵیاندا بە رێپێوان بچن بەرەو بەر دەرکی سەرا لە ناوەندی شاری سلێمانی، بەڵام لەلایەن پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکانەوە ڕێگریان لێکراو بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکرا.