مۆندیالی قه‌ته‌ر ئه‌ردۆغان و سیسی كۆكرده‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له په‌راوێزی مه‌راسیمی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر، بۆ یه‌كه‌مینجار هه‌ردوو سه‌رۆكی توركیا و میسر به‌یه‌ك گه‌یشتن و به پێكه‌نینه‌وه ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كدا كرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (20ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، پێگه‌ی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، وێنه‌ی به‌یه‌كگه‌یشتنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسری له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر بڵاوكرده‌وه، كه به پێكه‌نینه‌وه ته‌وقه له‌گه‌ڵ یه‌كدا ده‌كه‌ن.
میدیاكانی توركیا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، ئه‌ردۆغان له‌میانی مه‌راسیمی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی مۆندیالی قه‌ته‌ر، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر، شا عه‌دوڵڵا، پادشای ئوردن و مه‌حمود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی فه‌ڵه‌ستین، بۆماوه‌یه‌كی كورت گفتوگۆیان كردووه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، تاوه‌كو ئێستا هیچ لێدوانێك له سه‌رۆكایه‌تی میسره‌وه له‌باره‌ی دیداری ئه‌ردۆغان و سیسی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
دوای لادانی محه‌ممه‌د مورسی، سه‌رۆكی كۆچكردووی میسر له‌لایه‌ن سیسییه‌وه، كه یه‌كێك بوو له سه‌ركرده دیاره‌كانی كۆمه‌ڵی ئیخوان موسلمین له میسر، كه ئه‌ردۆغان پشتیوانی ده‌كرد، ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و قاهیره دروستبوو.
ساڵی رابردووش، له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات، چه‌ندین هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌وه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و میسر درا، له رێگه‌ی گفتوگۆی نێوان به‌رپرسانی باڵای هه‌ردوو وڵات، وه‌ك به‌شێك له په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی نوێی ئه‌نقه‌ره بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له میسر، ئیمارات و سعوودییه.
هه‌رچه‌نده پێشتر به‌رپرسانی میسر هۆشدارییاندا له نزیكبوونه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان له ئه‌نقه‌ره، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا، هاوینی رابردوو ئه‌ردۆغان ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ كۆبوونه‌وه و ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له ئاستی باڵا له‌گه‌ڵ میسر.