لەبارەی کشانەوەی نوێنەرانی یەکێتی لە شاندی حکومەتی هەرێم بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا روونکردنەوە دەدرێت

K24 - هەولێر:
نوێنەرانی یەکێتی لە شاندی حکومەتی هەرێم بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا نەکشاونەتەوە و رۆژی چوارشەممەش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە تیمی یەکێتی، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە نوێنەرانی یەکێتی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانووستان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەکشاونەتەوە.
سەبارەت بە پێکهێنانی شاندەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێکهێنانی شاندەکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و تا ئێستا پێکهاتەی شاندەکە وەک خۆیەتی.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، لە بەغدا لەهەوڵدان بۆ ئەوەی وادەی سەردانەکە دیاریبکەن، بەمەبەستی دانووستان لەسەر ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 و ئەو دۆسیانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 بڕیاروایە ئەم چوارشەممەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.