حەوت خۆپیشاندەری دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا

خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
خۆپێشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

K24 - سلێمانی:

لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردووی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش خۆپیشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و بریندارێکیش لە شاری ورمێ دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان(کوردپا) بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ رۆژی یەکشەممە، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی، عیرفان کاکەیی 45 ساڵ و بەهادین وەیسی لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لە دەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پیرانشاری پارێزگای ورمێ دوو خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "تاهیر عەزیزی" تەمەن 30 ساڵ و "کاروان قادر شوکری" تەمەن 16 ساڵ، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی دێولانی پارێزگای سنەش، هاووڵاتییەک بەناوی موحسین نیازی تەمەن 25 ساڵ بە سەختی برینداربوو، داتر لەنەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لە دەستدا.

هەروەها رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردەوە، سولەیمان شوکری، خەڵکی شاری بۆکان کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار کرابوو و بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گوازرابوویەوە، ئەمرۆ دوو شەممە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

شەوی رابردوو لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە خەڵكی مەهاباد، خۆپیشاندان ئەنجامدرا.