شارەوانی سلێمانی لەبارەی هەڵپاچینی درەختەکانەوە بڕیارێکی دەرکرد

K24 - سلێمانی:

شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، هەڵپاچینی درەختەکان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەرکەسێکیش بەبێ رێنمایی ئەوان بیکات رووبەرووی سزا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (21-11-2022)، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بە دواداچوونەکانیان رەچاوی ئەوەیانکردووە کە ساڵانە بە دیاریکراوی لە وەرزی پایزدا، بەشێک لە هاووڵاتیان ھەڵدەستن بە ھەڵپاچینی نادرووست بۆ درەختەکان. کە ئەم کارەش لە رووی زانستییەوە ھەڵەیە، کە ساڵانە بە بەردەوامی دووبارەکردنەوەی دەبێتە ھۆی لەناوبردنی درەختەکان.

شارەوانی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەدا هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە، کە هەڵپاچینی درەختەکان بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بێجگە لە چەند حاڵەتێک بۆ نموونە درەختەکە لە ژێر کێبڵ و وایەری کارەبادا روێنرابێت یان هێماکانی هاتووچۆی داپۆشیبێت.

جەختیشیکردووەتەوە، ھەرکەسێک یان فەرمانگە و لایەنێك بیەوێت کاری ھەڵپاچینی درەختەکان بکات، پێویستە پێشتر بۆ ڕێنمای و شێوازی زانستی راوێژ بکات لەگەڵ بەرێوەبەرێتی باخچەکانی سلێمانی، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی دەبێتەوە.