کەنەدا: پێویستە ئێران ئەو هێرشانە رابگرێت

K24 – هەولێر

باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە کە "پێویستە ئێران ئەو هێرشانە رابگرێت".

باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، رۆژی دووشەممە (21ـی تشرینی دووەم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەران سەرکۆنەدەکەین".

لە بەیاننامەی باڵیۆزخانەکەدا هاتووە: ئەم جۆرە هێرشانە سەروەری عیراق پێشێل دەکەن و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە. پێویستە ئێران ئەم هێرشانە رابگرێت".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 21ـی تشرینی دووەم) سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر کەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک هەولێر، کۆیە و دەوروبەری سلێمانی.

بە پێی بەیاننامەی فەرمی ئەو حزبانە، لەو هێرشانەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە.

سوپای پاسدارانی ئێران زۆر بەخێرایی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتەئەستۆ.

ئەو هێرشانە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی، داوای وەستاندنی ئەو هێرشانەیان کرد کە سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکەن.