دوای چوار رۆژ له رووداوه‌كه‌ی سلێمانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه له دهۆك روویدا
K24 – هه‌ولێر:
به‌هۆی ته‌قینی تانكییه‌كی غاز له شاری دهۆك، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روویدا و ژماره‌یه‌ك قوربانی لێكه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش دوای چوار رۆژ له رووداوه‌كه‌ی سلێمانی دێت كه‌بووه هۆی شه‌هیدبوونی 15 كه‌س و برینداربوونی 12 كه‌سی دیكه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی به‌رگری شارستانی دهۆك، تانكی غازی فڕنێك كه له هه‌مان باڵه‌خانه‌دا، به‌شه‌ناوخۆییه‌كی قوتابییانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی لێیه له گه‌ڕه‌كی گرێ باسێ، ته‌قیوه‌ته‌وه و به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی له تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاگرێكی گه‌وره ده‌بینرێت به‌هۆیه ته‌قینه‌وه‌كه و دڵڕاوكێیه‌كی زۆر بۆ هاووڵاتیانی نزیك رووداوه‌كه درووستده‌كات.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك له‌باره‌ی ئاماری قوربانییه‌كانی رووداوه‌كه، رایگه‌یاند، چوار كه‌س شه‌هیدبوون و 33 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌مرۆ كاتژمێر 10:00ـی به‌یانی له مه‌راسیمێكدا ته‌رمی ئه‌و ئه‌فسه‌ره باڵایه و پۆلیسه‌كه‌ی كه له رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دهۆك شه‌هیدبوون، به‌خاك ده‌سپێردرێن".
سه‌باره‌ت به ره‌وشی قوتابیانی به‌شه ناوخۆییه‌كه‌ش رایگه‌یاند، هۆتێل بۆ سه‌رجه‌م قوتابیانی ئه‌و به‌شه ناوخۆییه دابینده‌كه‌ین.
به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستان24، یه‌كێك له قوربانییه‌كان قوتابییه، هه‌روه‌ها رائید عه‌لی به‌رواری، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی دهۆك و غه‌فوور عومه‌ر دێگژینكی، له‌كاتی به‌هاناوه‌چوونی قوتابییانی به‌شه‌ناوخۆییه‌كه، گیانیان له‌ده‌ستداوه.
په‌یامنێری كوردستان24 له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م برینداره‌كان گواستراونه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و چاره‌سه‌ری پێویستییان بۆ ئه‌نجامده‌درێت. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتیان له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كه كۆبوونه‌ته‌وه، كه به‌شێكییان كه‌سوكاری قوربانییه‌كانن.
به‌ڕیوه‌به‌ری ته‌ندرووستی دهۆك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ته‌نها دوو له برینداره‌كان ته‌ندرووستییان ناجێگیره و ئه‌وانی دیكه چاره‌سه‌ری پزیشكی پێویستییان بۆ كراوه و ته‌ندروستییان جێگیره.
هه‌ر دوای ئه‌م رووداوه‌ش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا، كاركردن به سیسته‌می غاز رابگیرێت، تا ئاشكراكردنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له رووداوی ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ، سامانه سرووشتییه‌كان و پارێزگاكانی راسپارد، كاركردن به سیسته‌می غاز راگبگرن و به‌هیچ جۆرێك به‌كارنه‌هێندرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له رووداوی ته‌قینه‌وه‌كانی غاز له پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، پارێزگاری دهۆك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، دۆخه‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵدایه و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه له هۆكاری رووداوه‌كه، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه، له پڕۆسه‌ی گه‌ڕان به‌رده‌وامن له شوێنی رووداوه‌كه، له ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هه‌ر قوربانییه‌كی دیكه له‌ژێر پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه.
رۆژی پێنجشه‌ممه (17ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، دوای ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵێك له ماڵێكی گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی سلێمانی، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشته 15 كه‌س و 12 كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م رووداوه برینداربوونه.